کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا لەمەڕ ڕووداوەکانی ١١ی بانەمەڕ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

11:18 - 20 بانەمەڕ 2722

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا لەمەڕ ڕووداوەکانی ١١ی بانەمەڕ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و هەندێک بابەتیان بۆ خەڵکی ئێران و کوردستان ڕوون کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە جووڵانەوەی ڕەوای مامۆستایان بۆ داوای مافەکانیان ڕەهەندی جۆراوجۆری بەخۆیەوە گرتووە و چەندین جار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شورای هاوئاهەنگی، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانیان ڕێک خستووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە تا ئێستا ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەسەر هاوسانسازیی مووچەی کارە دەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەڕێوە چووە و مامۆستایان بۆ داوای خواستەکانیان تەنیا لە ڕێگای مەدەنی کەڵکیان وەرگرتووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ زیاتر لە شەشسەد کەس  لە مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا لەسەر بانگەواز و ڕاگەیەندراوی شورای سەراسەریی هاوئاهەنگی بۆ داوای خواستەکانیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە مەریوان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام لەگەڵ هەڕەشە و ڕێگریی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.

هێزە ئەمنی و لیباس شەخسییەکان دەستیان کرد بە هەڕەشە و لێدان و کوتان و بێڕێزیکردن بە مامۆستایان و بە توندترین شێوە مامۆستایانیان سەرکوت کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان تا ئەو جێگایەی توانیبێتی هەوڵی داوە ناڕەزایەتیی مامۆستایان ڕووخسارێکی یاسایی و بەدوور لە توندوتیژی هەبێت، بەڵام دەسەڵات بۆ پاشەکشەپێکردنی مامۆستایان تەنیا لە توندوتیژی کەڵکی وەرگرتووە و هیچ ڕێگەچارەیەکی چارەنووسسازی نەگرتووەتە پێش و هەر لەو پەیوەندییەدا وێڕای سەرکوت و بێڕێزیکردن چەندین مامۆستا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕێژیم لە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕدا بە وەڕێخستنی توندوتیژی و سەرکوت بەرامبەر بە مامۆستایان و دەسبەسەرکردنی دوو مامۆستا هەوڵی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی دا.

مامۆستایان ڕایانگەیاندووە: "ئێمە وەکوو مامۆستایان لە کۆبوونەوەکان هەتا وەدیهاتنی مافەکانمان کە ئەو خاڵانەی لەخۆ دەگرن بەردەوام دەبین: ١- بەدواداچوون و ناساندنی ئەوانەی نایاساییانە هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتی یاسایی مامۆستایانیان دا. ٢ـ ئازادیی بێ مەرجی دوو مامۆستای دەسبەسەرکراو، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا. ٣ـ کۆتاییهێنان بە سەرکوت و دۆسیەسازی بۆ چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێراندا".