کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سەوزی چیا: بێدەنگیی سامناکی بەرپرسان، باڵی بەسەر کاولکارییەکانی ژینگەدا کێشاوە

13:35 - 4 بانەمەڕ 2720

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیای مەریوان، لەهەمبەر کاولکاریی دارستانەکانی مەریوان ڕوو لە خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای هەوڵی خێرای کۆمەڵگا دەکات.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بێدەنگییەکی سامناکە!

ژینگە و دارستانەکانی مەریوان دیسان لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا کەوتووەتە بەر شەپۆلێکی تری کاولکاریی بەرین و بەتاڵانبردن و داگیرکاری.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەی مەریوان دەگاتە دەستی ئەنجومەنی سەوزی چیا، دارستانەکانی مەریوان بە چڕی بنبڕ دەکرێن و بە مەبەستی داگیرکاری و سوودی تاکەکەسی دەفەوتێندرێن.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کاولکارییە دەرهێنانی زەوی بە مەبەستی وەرزێڕی و چاندنی باخە ترێیە کە جێی باسە ئەم دیاردەیە یەکێکە لە تەرحە هادییەکانی حکوومەت و ئۆرگانە پێوەندیدارەکان. چاندن و بەرهەمهێنانی ترێ لە ناوچەکانی مەریوان ساڵانێکە ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ئاکامدا ئەم داگیرکارییە لە سامانی نیشتمانیشی لێ کەوتووەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەندامان و لایەنگرانی ئەنجومەنی سەوزی چیا کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، هەموو فێڵەکانی کاولکاری و شێوازە جۆراوجۆرەکانی بڕینەوەی دارستان دەرکەوتوون و ئەنجومەنی سەوزی چیا هەوڵی وەبەرچاوخستنی کۆمەڵگای داوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی ئەوتۆ بۆ پێشگرتن بەم شاڵاوی خیانەتە نەگیراوەتە بەر و بێدەنگییەکی سامناکی بەرپرسانیش باڵی بەسەر کاولکارییەکاندا کشاندووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە فەزای پان و پۆڕی کاولکارییەکانی دارستان لە هەموو ناوچەکانی مەریوان بەپەرۆشە و داوای هەوڵی بەخێرا لە کۆمەڵگا دەکات.