کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە گوندەکانی مەریوان هەڵمەتی "دێ‌ تەکانی" بەڕێوە دەبات

11:03 - 27 رەشەمه 2720

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە هەڵمەتێکی بێوێنەدا لەژێر ناوی "دێ ‌تەکانی" بڕیاری دا گوندەکان لە زبڵ و خاشاک پاک و خاوێن بکاتەوە.

ئەو هەڵمەتە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە، لەژێر ناوی "نەورۆزانەمان ژینگەیەکی خاوێنە" و لە سەرجەم گوندەکانی ناوچەی مەریوان، سەوڵاوا و هەورامان بەڕێوە دەچێت.

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕاگەیەندراوێکی بەنیسبەت ئەو هەڵمەتە ڕوو لە خەڵک بڵاو کردووەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی ئازیز!

خەڵکی ژینگەدۆستی ناوچە!

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، کۆمیتەی دێکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، وەکوو نەریتی ساڵانی پێشوو ڕێوڕەسمی بەرینی دێ ‌تەکانی بۆ بەرەو پیرەوەچوونی ساڵی نوێ بەڕێوە دەبات.

ئەمساڵیش بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەر ویستی دێنشینانی ئازیز، لە ڕێوڕەسمی بەشکۆی دێ ‌تەکانیدا، سەرجەم کووچە و کۆڵان، چەم و ڕووباری ناو ئاواییەکان لە زبڵ و پیسی پاک دەکرێنەوە و بەمجۆرە دەسەوپارەی خۆمان ‌"نیشتمانێکی بێ زبڵ" دەکەینە چەپکە گوڵی نێرگز و لە بەرۆکی نیشتمانی دەدەین. دیارە وەک هەموو ساڵێک و ئەمساڵ بەتایبەت بە دەمامک و دەسکێشەوە ئەم هەڵمەتەی یادگاری شەهیدانی ژینگە بەڕێوە دەچێت.