کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی "سەوزی چیا" لەهەمبەر هەڕەشە و بێڕێزیی نیشتمانفرۆشان پەیامێکی بڵاو کردەوە

11:03 - 26 جۆزەردان 2720

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "سەوزی چیا"ی مەریوان، لەهەمبەر هەڕەشە، بێڕێزی و بێحورمەتیی نیشتمانفرۆشان و کاولکارانی ژینگە بە ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: "هەڕەشە و گوڕەشە و قسەی ناشیرین و نەشیاو بەرانبەر بە ئەندامان و ئەنجومەنەکەمان بووەستێنن، چونکە دڵنیا بن ئەگەر دووبارە ببێتەوە چیتر بەرانبەر بە بێڕێزی و بێحورمەتی بە ئەندامان، شەهیدانمان و چیای سەربەرزمان بێدەنگ نابین".

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نیشتماندۆستانی ڕاستەقینە، ژینگەپارێزانی وڵات، هۆگرانی سروشتی خاوێن!

هەروەک ئاگادارن چەند ساڵێکە شەپۆلی قڕکردن، سووتاندن و لەنێوبردنی ژینگەی ئەم نیشتمانە لەلایەن کەسانێکی هەلپەرست، نیشتمانفرۆش، تاڵانچی و موزایدەچییەوە، لەوپەڕی نائینسانییەوە، تاتارئاسا دراوەتەوە بەر پەلامار و بەداخەوە زۆر بێڕەحمانە و بێ هیچ چەشنە پرەنسیپێکی ئەخلاقی و لەوپەڕی بێئەدەبییەوە بێ سڵکردن لە هیچ لایەک، بە بیانووی ئەوەی کە بە خەیاڵی خۆیان ئەندامانی چیا دەستیان داوەتە بڕینی شەوانەی باخەکانیان و گوزارش لێدانیان، دەستیان کردووە بە بێحورمەتی بە ئەندامانی ئەنجومەنەکەمان و دەستیان داوەتە کردەوەی نەشیاو. کورد وتەنی: "دز ئازا بوو، ساحێب ماڵی گرت."

زۆر جێی داخە بۆ ئەم شار و وڵاتە کە دوو کەس لە ڕۆڵە گیانفیداکانی، گیانی ئازیزیان پێشکەش بە بەرگری لە فەوتان و تاڵانی نیشتمان دەکەن، بەڵام تاڵانچیگەلێک بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان بەمجۆرە ڕوو دەکەنە قڕکردنی ئەم خاکە و بەوپەڕی بێئەخلاقیشەوە هەڕەشە لە نیشتماندۆستان و ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا دەکەن.

بۆیە هەر لێرەوە ڕاشکاوانە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە:

١- ڕەوتی بڕینی باخەکان و دەرهێنانیان یان گوزارش و شتی لەو چەشنە، هیچ پێوەندییەکی بە چیا و ئەندامانیانەوە نییە و چیا چوارچێوە و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە و شێوە کاری خۆی بە سەدان جار ئەزموون کردووە.

٢- لە هەموو دڵسۆزانی ئەم ئاو و خاکە داواکارین چیتر نەهێڵن ئەم ڕەوتی قڕکردنی وڵاتە بەردەوام بێت و دەبێ بە گشتمان بەر به نیشتمانفرۆشان و تاڵانچییانی وڵات بگرین بۆ نەوەکانی داهاتوو.

٣- جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، هەڕەشە و گوڕەشە و قسەی ناشیرین و نەشیاو بەرانبەر بە ئەندامان و ئەنجومەنەکەمان بووەستێنن، چونکە دڵنیا بن ئەگەر دووبارە ببێتەوە چیتر بەرانبەر بە بێڕێزی و بێحورمەتی بە ئەندامان، شەهیدانمان و چیای سەربەرزمان بێدەنگ نابین؛ بست‌بەبست و داربەدار و ئەوەی سووچ و شاردراوەی کاولکاری و داگیرکارییەکانی ژینگە و دارستانی نەتەوەییمانە بە بەڵگە و وێنە و ناو و شوێن بۆ بەرچاوی خەڵک و ڕای گشتی ئاشکرایان دەکەین و ڕاشکاوانە، بەپێی نەخشە لەقاویان دەدەین.

ئەنجومەنی سەوزی چیا

٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی