کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە هەمبەر لەناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس هۆشداری دا

11:42 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک له کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە دۆخی هەنووکەیی دارستان و لێڕەوارەکان، بە نیسبەت لەناوچوونی بێگەڕانەوەی زاگرۆس هۆشداریی دا.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لەم دەقەدا باسی لەوە کردووە کە ڕەوانەکرانی مافیای دار بۆ ناوچەی زاگرۆس و لەناوبردنی دارەکان و لێڕەوارەکان، درووستکردن و بەرهەمهێنانی خەڵووز و هەروەها بەخشنامە و یاسا داڕێژراوەکان لە لایەن دەوڵەت و بەرپرسانەوە، ڕێگەی لەناوبردنی هەرچی زۆرتری ئەم جەنگەڵانەی خۆشتر کردووە و زاگرۆسی تووشی کێشە کردووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا هەروەها، ئاماژەی به زۆربوونەوەی حەز بۆ بەکارهێنانی خەڵووز بۆ کەباب، نێرگەلە و هەروەها چای کردووە کە سەرەڕای زیان گەیاندن به مرۆڤ و تووشبوون به نەخۆشییە مەترسیدارەکان، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لەناوبردنی زاگرۆس لە لایەن ئەو کەسانەوە کە لە تێکدانی سروشتدا دەستیان هەیە.

لەم دەقەدا هاتووە: ئەم ڕەوتە بە هیچ شێوە قبووڵ ناکرێت و هەموو ئەو کەسانەی کە لە تاڵانی ئاشکرا و خەیانەت بەم نیشتمانه چ بە ئاگاییەوە و چ لە ڕووی نائاگاییەوە به تەور و مشار و وەکوو دەڵاڵ یان بازرگان کەوتوونەتە گیانی ئەم دارستانانە نابەخشرێن ؛ ئێمە داوا لە هەموو وێژدانە بەخەبەرەکانی کۆمەڵگا و دڵسۆزانی ژینگه دەکەین کە دەست لە نێو دەستی یەکدا، ئیزن نەدەین که داهاتووی نیشتمانەکەمان و سەربەخۆیی سروشتیی ئەم نیشتمانه به هۆی پڕکردنی گیرفانی هەندێ کەسی بەرژەوەندیخوازەوە، ببێتە بیابان. زاگرۆس وەکوو دایکێکی میهرەبانه که هەمیشە ئێمەی پاراستووە و ئێستاکە نۆرەی ئێمەیە که بە شەرافەتەوە پارێزگاری لێوە بکەین.

دارستانەکانی زاگرۆس لە گرینگترین دارستانەکانی ئێران به ئەژمار دێن که هەموو ساڵێک دەکەونە بەر پەلاماری لەناوچوون؛ لە تازەترین حاڵەتیشدا ئەتوانین ئاماژه به قاچاخ کردنی دارەکانی زاگرۆس بۆ کارخانەکانی سازکردنی کاغەز لە باکووری ئێران و ئاگرتێبەردانی ئەم دارستانانە بکەین.