کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، گەیشتە لوڕستان

13:34 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بۆ یارمەتی بە خەڵكی لێقەوماوی لوڕستان گەیشتنە شارە لافاولێدراوەکان و به هانای خەڵکەوە چوون.

 ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە مەبەستی یارمەتی بە خەڵکی لافاولێدراوی لوڕستان، یارمەتییەکانی خەڵکیان بۆ لوڕستان بردووە و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی لێقەوماوی ئەو شارە دەربڕیوە.

ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، دوای هاتنی لافاوەکان بە فەرمی داوای لە خەڵک کرد، یارمەتی بە خەڵک لافاولێدراوە بدەن و بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە بچن.

سەرەڕای ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە، کە نابێت خۆیان بە شێوەی خۆڕسک یارمەتی کۆ بکەنەوە، بەڵام خەڵک بەبێ گوێدان بە ڕێژیم یارمەتییان بۆ لافاولێدراوان کۆ کردووەتەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕێکخراوێکی ناحکومی (NGO) لە شاری مەریوانه، کە لە بواری ژینگەپارێزیدا چالاکیی ھەیە.

ئەم ڕێکخراوە، گۆڤارێک بە ناوی "چیا" بە دوو زمانی فارسی و کوردی بڵاو دەکاتەوە. لە ڕۆژانی رابردوودا، پاش هاتنی لافاو لە شارەکانی کورستاندا زۆربەی ڕێکخراو و دامەزراوەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات بەتایبەت لە سنە و مەریواندا دەستیان دایە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماو و بەهانای خەڵکەوە چوون.