کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی \"چرای هزر\" لە شاری جوانڕۆ بە فەرمی دەستی بەکار کرد

23:10 - 3 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی چرای هزر لە شاری جوانڕۆ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە بەشداریی کۆمەڵێک لە نووسەران، هونەرمەندان و شاعیرانی کورد بە فەرمی چالاکییەکانی خۆی دست پێکرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی تایبەت لە ساڵۆنی هەلانی جوانڕۆ بە مەبەستی راگەیەندنی دامەزراندنی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی لەژێر ناوی چرای هزر (چراغ اندیشە) بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی شارەکانی روانسەر، جوانڕۆ، پاوە، کامیاران، سنە و مەریوان بەڕێوەچوو.

لە دەسپێکی رێوڕەسمەکەدا منداڵێکی خنجیلانەی خەڵکی جوانڕۆ بە پێشکەش کردنی پارچە شێعرێک بەخێرهاتنی میوانانی کرد و دواتر بەڕێوبەری بەرنامە، برووسکەی پیرۆزبایی ئەنیستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تارانی خوێندەوە و پاشان بەخێرهاتن لە بارام وەلد بەیگی دامەزرێنەری ئەو رێکخراوەیە کرا.

پاشان دوکتور محەممەد یەعقووبی یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەر و لە ئەندامانی بەڕێوبەری ئەو رێکخراوەیە سەبارەت بە ئامانج و ئارمانەکانی ئەو رێکخراوەیە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، یەدوڵڵا شوکری بە گۆرانی، ئیدریس وەیسی، عەباس مەحموودی و فەرید فەخری بە خوێندوەی شێعر، حامید کۆنەپووشی بە پێشکەش کردنی وتارێک و لە کۆتاییدا گرووپی هونەریی ماتریس دوو پارچە ئاهەنگیان پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی چرای هزر بە هەوڵ و تێکۆشانی ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و هونەریی جوانڕۆ، رێکەوتی ٢٠ی رەشەمە بەشێوەی نافەرمی دەستی بە چالاکی کرد و ئامانج لە دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی لە رێگای بانگهێشتی هونەرمەندان و رووناکبیران بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی چالاکی دەکات.

ئەو N.G.Oیە بۆ سازدانی هاریکاری هەرچی زیاتر و پتەوتری نێوان رێکخراوە هاوشێوەکان لە ئاستی پارێزگای کرماشان و ناوچەی باشووری کوردستانی ئێران چالاکی دەکات.