کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی نۆژین: بەڕێوەبەرایەتیی فەشەڵی ناوەندگەرا و ڕوانگەی ئەمنییەتی بۆ سەر کوردستان هۆکاری ئەم دۆخە کارەساتبارانەیە

12:24 - 9 پووشپەڕ 2720

ئەنجوومەنی "نۆژین" لە سنە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوبەرایەتیی فەشەڵی ناوەندگەرا کە بە ڕوانینێکی ئەمنییەتییەوە سەیری بەناو پەراوێزەکانی خۆی دەکات، لەلایەکی دیکەوە نەبوونی چارەنووسی نەتەوەی کورد بەدەستی خۆی، لە هەرە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە کارەساتبارانەیە.

دوای ئەوەیکە سێ چالاکی ژینگەپارێزی لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەی دارستانەکانی پاوه شەهید کران، ئەنجومەنی "نۆژین" ڕوودانی ئەو کارەساتەی خسته ئەستۆی سیاسەتی ناوەندگەرای ڕێژیمی ئێران.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ناوەند بەردەوام ویستی خۆسەپاندنی هەبووە و ئاکامی ئەو ویستەش دەیان قەیران و کارەساتی لێکەوتووەتەوە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین وێڕای سەرەخۆشیی ئەم کۆستە نوێیە و کڕنۆشبردن بۆ سەرجەم شەهیدانی مانەوەی ئەم نیشتمانە، بەتایبەت شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان، لە نەتەوەی کورد بەگشتی و ئەنجومەنی ژیوای بەتایبەت، جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ڕاگەیاندن و سەرەخۆشیکردن چارەسەریی ئەم دۆخە ناکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، دەبێ تاک و کۆمەڵگای کوردی هەوڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان بدەن، هەتاکوو چیدی بینەری ڕووداوگەلی لەم چەشنە نەبین.