کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی هاوردەکارانی دەرمان وتوویەتی ڕێژەی دەرمانە مەترسیدارەکان لە بەشی کشتوکاڵ ٢٣ لەسەدە

17:39 - 8 بەفرانبار 2721

بەرپرسی هاوردەکردنی سەم و کوود وتوویەتی ڕێژەی بەکارهێنانی دەرمانە  مەترسیدارەکان لە بەشی کشتوکاڵی ئێراندا ٢٣ لەسەدە و پشکی دەرمانە کەم مەترسییەکان تەنیا ٥ هەتا ٧ لەسەدە.

''مەهدی حوسێنیی یەزدی'' لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "هەمشەهری" باسی لەوە کردووە ڕێژەی بەکارهێنانی دەرمانە پڕمەترسییەکان لە هیندێک لە وڵاتان لە ئاستی سفر دایە و هەروەها وتوویەتی کە پێویستیی بازاڕی ئێران بە کوودە شیمیاییەکان هیچ کات بە دروستی ڕانەگەیەندراوە و نابێ ئەو دەرمانانە هاوردەی بازاڕ بکرێن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە پشکی دەرمانی نەوەی نوێ لە بەشی کشتوکاڵی ئێران دەبێ زیاتر لە ٤٠ هەتا ٥٠ لەسەد بێت هەتا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بازاڕەکانی دەرەوە بۆ نێوخۆ ڕەوانە نەکرێنەوە.

لەو ماوەیەدا شووتی لە ئیمارات، تەماتە لە عێراق، بیباری دۆڵمە لە ڕووسیە، کیوی لە هیندوستان و چین و سێوک لە تورکمنستان کە لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە کرابوون، وەرنەگیران و ڕەوانەی ئێران کرانەوە.