کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندازیارێکی ئێرانی بە تۆمەتی دزینی زانیاری و نەهێنیی پیشەیی بۆ ئێران، لە ئامریکا دەسبەسەر کرا

11:35 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ئەندازیارێکی ئێرانی بە تۆمەتی دزینی زانیاری و نەهێنیی پیشەیی و ناردنی بۆ ئێران، لە ئامریکادا دەسبەسەر کراوە.

"ئەمین حەسەنزادە" کە تەمەنی ٤٢ ساڵە، لە شاری ''دیترۆیت" لە ئیالەتی میشیگان، لە لایەن پۆلیسی فێدێراڵی ئامریکاوە بە تۆمەتی دزینی زانیاری و نەهێنییەکانی شیرکەتێکی ئامریکایی بۆ ئێران دەسبەسەر کرا.

ناوبراو لەو شیرکەتەی کە تێیدا کاری کردووە، داتا هەستیار و نەهێنییەکانی تەرحێک کە بۆ پیشەی هەوا و فەزا کەڵکی لێ وەردەگیرا، دزیوە و دواتر بۆ برایەکی خۆی کە بۆ پیشەی نیزامی و فەزایی ڕێژیمی ئێران کار دەکات، ناردووە.

سکاڵانەمەی جەزایی دادستانی فێدێراڵ کە لە ١٤ لاپەڕە تەکوز کراوە، "ئەمین حەسەنزادە"ی کە کارتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ئامریکا هەبووە، بە دزینی بەڵگە نەهینییەکان و داتا فەنییەکانی شیرکەتێک  تۆمەتبار کردووە.

لێکۆڵینەوە لەسەر ئیمەیلەکانی کە بۆ ئێران نێردراوە، نیشان دەدات کە ناوبراو نەخشە و پرۆژەگەلێکی جیاوازی بۆ ئێران ناردووە.

بە وتەی پۆلیسی فێدێراڵ، لیکۆڵینەوەکان لەبارەی" سینا حەسەنزادە"، برای "ئەمین حەسەنزادە"، نیشان دەدات کە ناوبراو لە ئێران لە شیرکەتێکدا کە لەسەر پرۆژە نیزامییەکان کە یەک لەوان مووشەکەکانی "کرووز" و هەروەها چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە، کار دەکات.