کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۳۲ ئەندام و بەربژێری HDP دەسبەسەر کران

11:49 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ۳۲ ئەندام و بەربژێری پارتی دێموکراتی گەلان (HDP)، لە لایەن حکوومەتی تورکیەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی شەممە، ۱۰ی خاکەلێوە، پارتی دێموکراتی گەلان (HDP)، لە باکووری کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی تورکیە، ۳۲ ئەندامی ""HDPی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەیانی کردووە، کە بەشێکیان بەربژێری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بوون.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە، دەسبەسەرکردنی ئەندامانی هەدەپە، هێرشی دەسەڵاتدارانی ئاکپارتی لە حکوومەتی تورکیەیە بۆ سەر پارتەکەیان، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ڕەوشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانیش دادەنێت.

هەڵبژاردنی شارەوانیی شارەکانی تورکیە، ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی خاکەلێوە، لە شارەکانی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی تری تورکیە، بە بەشداریی پارت و حیزبە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیە بەڕێوە دەچێت، کە پارتەکانی باکووری کوردستان لە بەرەیەکدا بەشداریی لە هەڵبژارەدنی شاراوەنییەکاندا دەکەن.

دەسەڵاتدارانی تورکیە، کە باس لە دێموکراسی وڵاتەکەیان و دێموکراتیکبوونی تورکیە دەکەن، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین جار بانگەواز و بانگەشەی بێبنەمایان لەسەر لایەنە سیاسییە کوردییەکانی نێو هەڵبژاردەکانی تورکیە و باکووری کوردستان کردووە و لەم ڕاستایەشدا زۆر جار حاشایان لە هەبوونی باکووری کوردستان کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە و سەرۆکی ئاکپارتی، چەند ڕۆژ پێش لە بانگەشەی هەڵبژرادنەکان، وێڕای هێرشی زارەکی بۆ سەر لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن، حاشای لە هەبوونی باکووری کوردستان کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، لە تورکیەدا کوردستان بوونی نییە، ئەوەی دەڵێت کوردستان کوردستان، با بڕوات بۆ باکووری عێراق، کوردستان لە باکووری عێراقە.