کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام و پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:21 - 12 رەزبەر 2720

مەلا "فەریق سۆفی" پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی  ئەندامی حیزبی دێموکرات مەلا "فەریق سۆفی" خەڵکی گوندی "شێخ مەزاریـ"ـی ناوچەی گەلی بەراندێز سەر بە شاری ورمێ بەهۆی نەخۆشی لە کەمپی "تۆپزاوا"ی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

مەلا فەریق خوێندکارێکی ئایینی لە حوجرەکانی ناوچەی ورمێ خەریکی خوێندن بوو کە شۆڕشی گەلی کورد له کورستان دەستی پێکرد دەستی لەخوێندن هەڵگرت.

دواتر ناوبرا هەر وەک هەموو لاوانی ئەو کاتی کوردستان لەگەڵ حیزبی دێموکرات ئاشنا دەبێ، چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتی بو دیفاع لە کەرامەت و ئازادیی گەلەکەی لەشان دەکات و بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکاری و لەخۆبردویی خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان دەکات.

مەلا فەریق لە ساڵی ١٣٦٠ لە هێرشی دوژمن بو سەر چیای بەناوبانگی "سیر" قارەمانەتییەکی بێوێنە دەنوێنێت و دوژمن توشی زەربەیەکی زور کاریگەر دەبیت.

هەر لەو شەڕەدا مەلا فەریق بریندار دەبێت. بەڵام دوای ساڕێژبوونی برینەکانی دیسان درێژە بە ئەرکی پێشمەرگایەتی دەدات و هەتا ساڵی ١٣٦٤ پیشمەرگە دەبیت.

مەلا "فەریق" لە زوربەی چالاکییەکانی هێزی پیشمەرگەدا بەشداری دەکرد و هەمیشە لە خزمەت حیزبدا بوو.

مەلا "فەریق" بۆ ماوەیەک لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێت بەڵام هیچ زانیارییەک بە دەست دوژمن نادات و دواتر لە زیندان ئازاد دەکرێت.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٧ بەهۆی گوشاری لەڕادەبەدەری ڕێژیم بۆ سەر ئەم ڕۆڵەی دێموکرات بە ناچاری زێدی خوی بەجێهشیت و ڕووی لە باشووری کوردستان کرد.

ناوبراو لە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب سازمان درا و وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.