کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلمانێکی ئورووپا ڕێژیمی ئێرانی بە سووکایەتی بە ئیسلام و هەر مرۆڤێکی بە ویژدان وەسف کرد

12:45 - 29 سەرماوەز 2720

"ڕادۆسلاڤ سیکۆرێسکی" ئەندام پارلمانێکی لەهستانی لە پارلمانی ئورووپا ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران کە ئیدعا دەکات کۆمارێکی ئیسلامییە، سووکایەتییە بە ئایینی ئیسلام و هەر مرۆڤێکی بە ویژدان و یەکێک لە سەرکوتکارترین وڵاتانی جیهانە.

"سیکۆرێسکی"، بە وێناکردنی "محەممەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە "یۆواخیم فۆن ڕیبێنترۆپ"، وەزیری دەرەوەی ئاڵمانی نازی، ڕوو لە دیپلۆماتە ئورووپاییەکان وتوویەتی: "جارێکی دیکە لەگەڵ زەریفدا کە "ڕیبێنترۆپی پێکەنین لەسەر لێوە" ، چاوپێکەوتنتان بوو، بیهێننەوە بیرتان کە نوێنەرایەتیی چ ڕێژیمێک دەکات".

"سیکۆرێسکی وتوویەتی: "ئێران ئیدعا دەکات کە کۆمارێکی ئیسلامییە، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت، یەکێک لە سەرکوتکارترین وڵاتانی جیهانە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "پرسیارێکم لە ئاخوندەکانی حاکم بەسەر ئێراندا هەیە کە بۆچی پێویستیتان بەو ڕێژەیە لە سەرکوت، ئەشکەنجە و کوشتار دژ بە خەڵکەکەتانە؟"

ئەو پارلمانتارە هەروەها ڕوو لە ئاخووندەکانی حاکم بەسەر ئێراندا وتوویەتی: "ڕێژیمەکەتان سووکایەتییە بە هەر موسڵمان و مرۆڤێکی خاوەن ویژدان".

"سیکۆرێسکی" هەروەها وتوویەتی کە ئەگەر دەتانهەوێت لەگەڵ ئێمەدا پێوەندییەکی باشتر دروست بکەن و گەمارۆکان کەم ببنەوە، بە زووترین کات ئەو سەرکوتانە ڕاگرن، ئەوەی بەرانبەر بە خەڵکەکەتان دەیکەن، نامرۆڤانەیە".