کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی نییەر: نییەر دۆستی پێشمەرگە، مەکۆ و هێلانەی هەڵۆ بەرزەفڕەکانی دێموکراتە

16:31 - 22 رەزبەر 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "نییەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی ٣٧ـەمین ساڵڕۆژی هێرشکردنە سەر ئەو گوندە پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی ئازیز!

خەڵکی بەشەرەفی ڪوردستان!

زام و برینەکانی جەستەی پیرۆزی ڪوردستان بۆ هەمووان ئاشنایە، سێبەری ڕەش و تاریکیی زاڵمان و زلهێزانی داگیرکەر، هەر شوێنێکی ئەم نیشتمانەی گرتبێت، شەڕ و خوێن و وێرانی و کاولکاریی بەدواوە بووە.

۳۷ ساڵ پێش ئێستا واتە ڕەزبەری ۱۳۶۲ی هەتاوی، لە درێژەی فەرمانی ناڕەوای بەناو جیهادی خومەینی بۆ کاولکاری و لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان، چڵکاوخۆران و نیشتمانفرۆشان هێرشیان کردە سەر گوندی "نییەر" بۆ وێرانکردنی نییەرێک کە زێد و لانکەی پێشمەرگە و دێموکراتە، نییەرێک کە دایکی زیاتر لە ۷۰ شەهید و پێشمەرگەیە. لە وەرزی کۆکردنەوەی خەلەوخەرمان و ئازووقەیەک بۆ بژێویی سەخڵەتی ساردی زستان، بە بیانووی هەبوونی پێشمەرگە ئاگر لە جەستەی نییەریان بەر دا، بە ماڵ و دەغڵودان و ئاژەڵ و هەرچی بەردەستیان کەوت، ئەم کاولکارییە سووتانی ۸۰ ماڵ و ئاوارەبوونی خەڵکی بەدواوە بوو، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر لە جاران نییەر دۆستی پێشمەرگە و مەکۆ و هێلانەی هەڵۆ بەرزەفڕەکانی دێموکرات بووە و هەیە و دەشبێت.

ئێستاش دوای ۳۷ ساڵ بە کوێرایی چاوی دوژمن، "نـیـیەر" بە باخ و بێستان و مەزرا و دەشتودەرەوە، بە ماڵانێک بە قامەتی بەرزیی چیاکانی ڪوردستانەوە، ئاوەدانتر لە هەمیشە، دڵخۆشتر لە جاران، بە ئەمەگتر لە ڕابردوو و بەهیواتر لە هەر دەمێک، لەسەر پێیە و بۆ هەڵهاتنی خۆری ئازادیی ڪوردستان هەر لە ژیان و تێکۆشان و خەباتدایە.

ئێمە لاوان و خەڵکی نییەر و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ۳۷ ساڵەی یادی برینداربوونی نییەردا، بەڵێنیی وەفاداری لەگەڵ حیزبی خۆمان نوێ دەکەینەوە و ڕادەگەیەنین تا دواهەناسەکانی ژیانمان بۆ سەرکەوتنی ئەم خەباتە تێدەکۆشین.