کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە ئەنجامدانی چالاکی، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە

12:34 - 14 خاکەلێوه 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان، بەبۆنەی ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل پەیمانیان نوێ کردەوە.

لە درێژەی چالاکییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کوردستان، بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، خاکیپۆشانی دێموکرات لە "سنە" چالاکییەکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا ژمارەیەکی بەرچاو تراکت و پووستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان لە گەڕەکی "شەریف ئاوا"ی سنە بە ماڵەکاندا بڵاو کردەوە.

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە "پاوە" بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی نەمران نوێ کردەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، جامانە لەملانی شار لە "بانە"، بە ناوی "هێزی ٨١ی شەهید وێردیـ"ـیەوە، چالاکییەکی بوێرانەیان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا ئەندامانی حیزبی  دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و جامانە، ڕۆژی شەهیدانیان بەرز نرخاند و لەگەڵ شەهیدانی ١٠ خاکەلێوە پەیمانیان نوێ کردەوە.