ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنە بەبۆنەی ١٢ بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی خوێندکاری کورد چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
تێکۆشەرانی دێموکرات بە ڕۆژی ڕووناک لە شوێنە گشتییەکانی شاری سنە بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، ڕۆژی خوێندکاری کوردیان بەرز ڕاگرت.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''خەسراوا، خەیرەزنە، چواڕێیانی وەکێڵ، مەردۆخ، شێخان، چوارڕێیانی فەراح، چواڕێیانی چوارباخ، ئاویەر، وحدەت و ٥ی ئازەر".
١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدكرانی سمایل شەریفزادەیە و بە ڕۆژی خوێندكاری كورد ناودێر کراوە.
٥٤ ساڵ لەمەوپێش لە ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاویدا، ''ئیسمایل شەریفزادە'' خوێندكاری بەهەڵوێستی كورد و ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی خەباتی گەلی کورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرخۆدانێکی قارەمانانەدا کەوتە بەر گولـلەی ڕقی داگیركەران و بە شەهیدبوونی خۆی، بوو بە ڕێنوێنی خەبات و ڕێنیشاندەری شۆڕش و هێمای خوێندکار و ڕووناکبیری شۆڕشگێڕ و دەروەستی کورد.