کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بۆکان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز پەیامێکیان بڵاو کردەوە

17:49 - 20 سەرماوەز 2720

ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

ناوەرۆکی پەیامەکە بەم شێوەیە:

خەڵکیی بەشەرەفی کوردستان

لاوان، خوێندکاران، کچان و ژنانی دەروەست

ئەگەر حەوت دەیە پێش ئێستا، پێشەوای مەزن و هاوڕێیانی، ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان بۆ پارێزەرانی خاک هەڵبژارد، ڕەنگە کەس بیری نەدەکردەوە ئەو ماوە درێژە خەباتێکی خوێناوی بۆ بەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانمان پێویست بێت و هەڵکەوتووترین ڕۆڵەکانی کوردستان بە "خوێنی خۆیان داری ئازادی ئاو بدەن".

ئەگەرچی ڕەوتی ڕووداوەکان بە دڵی ئێمە نەچوونە پێشێ، دیسان ئەو چینە هەڵکەوتە بوون کە سەنگەریان چۆڵ نەکرد و سینگیان کردە قەڵغانی پاراستی خاک و کەرامەتی نەتەوەکەمان.

ڕەنگە نەوەی نوێ قارەمانەتی پێشمەرگەی لە چەند دەیەی پێشتردا نەدیتبێت، بەڵام ئاوڕێکی کورت لە ڕووداوەکانی دە ساڵی ڕابردوو لە هەر چوار پارچەی کوردوستان، زیاتر ڕۆڵ و گرینگایەتی پێشمەرگەی بۆ وەدەر دەخات،  لە ڕەوتی خەباتدا، هەبوون کەسانێک کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەردەمی خەباتی چەکداری بەسەر چووە و واتە بوونی پێشمەرگەش بێ مانایە، ئەوە ئێستا لە ناوەندی دەسەڵاتی ئاخوندەکانیشەوە هیوا بە ڕێفۆرم لەم دەسەڵاتەدا بووەتە بڵقی سەر ئاو و دیسان هەموو هیواکان بۆ ڕزگاری، ڕوو لە قارەمانەتی و لە خۆبردوویی پێشمەرگەیە، ئەگەرچی هیوا بە ڕزگاریی نەتەوەکەمان لە هەموو کات ڕوونترە بەڵام دیسان سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو خەباتە دژوارەدا پێویستی بە پشتیوانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە.

بۆیە پێمان وایە باشترین پاداش بۆ لەخۆبردوویی پێشمەرگە، سووککردنی قورسایی خەباتە لەسەر شانی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە بە ڕەوتی خەبات کە لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا خۆی دەبینێتەوە.

پیرۆز بێت ٢٦ سەرماوەز لە هەموو پارێزەرانی ماف و کەرامەتی نەتەوەکەمان