کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بۆکان پیرۆزبایی گەڕانەوەی "عوسمان مستەفاپوور" بۆ نێو حیزب دەکەن

12:43 - 10 جۆزەردان 2720

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان، بە نووسینی پەیامێک پیرۆزبایی گەڕانەوەی "عوسمان مستەفاپوور" بۆ نێو حیزب و هاوسەنگەرانی دەکەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هەموومان بۆ بەرزیی خاکی نیشتمان، سەر و ماڵمان بۆ ئازادی دەکەین بە قوربان، جەلادانی کۆماری سێدارە بە بیری تەسک و چەقبەستوویان وایانزانی دوای ٢٨ ساڵ بەندکردن و ئەشکەنجەدان چۆکیان بە قوتابییانی "قازی، قاسملوو و شەرفکەندی" داداوە و لە بیر و باوەڕی کوردایەتی پاشگەز بوونەتەوە.

پێیان وایە گرتن و لێدان، زیندان و ئەشکەنجە هەنگاومان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێهێز دەکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، چەوسانەوەم بەهێزترم دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی ڕزگاریی خاک و خەڵکەکەم.

دوای ٢٨ ساڵ ناحەقی و دڵڕەقی کە بەرانبەرم کرا، زۆر لە جاران بەگوڕتر گەڕامەوە نێو بنەماڵەکەم کە پێتان بڵێم، تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان لە بنەماڵەی منە و بنەماڵەی من حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

هاتووم هەتا خەباتی شاخ و شار گەرم و گوڕتر بکەم،  شان بە شانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانم ڕاسان بەرەو لووتکە ببەین بۆ وەدیهێنانی ئامانجی پیرۆزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و خەڵکی بەئەمەگ و خۆشەویستی کوردستان.

سڵاو لە کاک "عوسمان مستەفاپوور"، سڵاو لە کاک "والی دروودی"، سڵاو لە پێشمەرگەی کوردستان، سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سەرکەوێ ڕاسان.