کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە سەقز خۆشەویستی و پێگەی بەرزی حیزبی دێموکراتیان بە ڕێژیمی ئیران سەلماندەوە

12:36 - 2 پووشپەڕ 2722

ئەندامانی تێکۆشەر و بەهەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز لە چالاکییەکی تەبلیغیدا لە وڵامی پرۆپاگەندەکانی ڕێژیمی ئێران دژی ئەو حیزبە، خۆشەویستی و پێگەی بەرزی حیزبی دێموکراتیان لەنێو دڵی خەڵکی کوردستان بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەلماندەوە.

ئەو چالاکییە داوی ئەوە بوو کە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری سەقز دژی حیزبی دێموکرات دروشمیان نووسیبوو.

تێکۆشەرانی دێموکرات بە نووسینی ''بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بژی ڕاسان'' لەسەر دیواری گەڕەکەکانی ''شاناز، سەعدی، سەرقەبران و مەلقەرەنی'' وڵامێکی توندیان بە دژبەرانی حیزب دێموکرات کە ئاڵاهەڵگری خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دایەوە.

پێگە و خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات کە ٧٦ ساڵە لە پێناو وەدیهێانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و چاوی دوژمنانی کوێر کردووە و بۆیە ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا بەدناو بکات، بەڵام هیچکات سەرکەوتوو نەبووە.