ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە ناوچەی شارەوێرانی مەهاباد بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنە:
لە بەرەبەری ۲٥ی گەلاوێژی پڕ لە فەخر و شانازی، ۷٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و ۷٥ ساڵ تێکۆشانی بێوچانی خەڵکی خەباتگێڕ و مافخواز و مافخوراو و چەوساوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراوی دەستی ئیستعمار و هەروەها ۷٥ ساڵ شەکانەوەی ئاڵای دێموکرات لەسەر کێوی دڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات پیرۆزبایی دەکەین لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی مەکتەبی دێموکراسی کە بە خوێنی ئاڵ و گەشیان داری دێموکراسییان ئاودێر کرد، هەروەها پیرۆز بێت لە هەموو زیندانییانی سیاسی و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاخ و شار.
لە وەها ڕۆژێکدا پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدانی ڕێبەرمان، بەتایبەت ''قازی محەممەد''ی نەمر و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕێبازی دێموکرات نۆی دەکەینەوە و بەڵێن بێت تا دوایین هەناسە و دڵۆپی خوێنمان درێژەدەری ڕێبازیان بین.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد