کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە نییەر: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێگەیان لەرزۆک نابێت

10:33 - 14 رێبەندان 2720

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی فیلم و دێکیۆمێنت لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت خەباتی ئەو حیزبانە پەیامێکی پشتیوانیان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نییەر، بۆ ئیدانەکردنی چەواشەکارییەکانی میدیای ئێرانی سەبارەت بە کەسایەتیی نەمر دوکتور قاسملوو و ڕەوەندی خەباتی چەکداریی کوردستان.

هەر وەک ئاگادارن لە درێژەی بێڕێزیکردنی میدیای ئێرانی بە خەڵکی کوردستان، لە چەند ڕۆژی پێشوودا دەنگوڕەنگی پارێزگای سنە لە ئەوپەڕی بێشەرمییەوە بە بڵاوکردنەوەی (بە ناو)دێکیۆمێنتارییەک لەژێر ناوی (لبە تیغ)، ویستی کەسایەتیی نەمر دوکتور قاسملوو و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها خەباتی چەکدارییان بچووک و بێنرخ پێناسە بکات.

ئامانجی بەرچاوی ڕێژیم لەم چەواشەکاریانە بەلاڕێبردنی بیروبڕوای خەڵکە بەنیسبەت حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئیمان و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە حیزبی خۆیان زۆر قووڵتر و پتەوتر لەوەیە کە بەم سووکایەتییەکردنە بە لاڕێدا بڕوات. خەڵک ئێستا خوێندەوار و وشیار و ئاگادارتر لە ڕابردوو، خۆی و مافەکانی خۆی دەناسێت و ڕێگای خەبات و ئازادی هەڵئەبژێرێت.

هەر بۆیە ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی نییەر، بەڵێنیی وەفا و ئەمەگداری نوێ دەکەینەوە و ڕادەگەینین هەتا دواهەناسەکانی ژیانمان ڕێبواری ڕێبازی پڕ لە سەروەری نەمران پێشەوا قازی، دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندیی ڕێبەرین!

لە ڕێگای ئەم پەیامەشەوە، داوا لە هەموو بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەکەین کە چیدیکە شەرافەتی خۆتان مەفرۆشن و بۆ باوەشی گەورەی نیشتمان بگەڕنەوە!

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نییەر

۱۲ی ڕێبەندانی ۱۳۹۹ی هەتاوی