کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە نییەر لە دژکردەوە بە سەردانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ئەو گوندە ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد

12:50 - 6 رەزبەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەر، فەرماندەی سپای پارێزگای سنە و کۆمەڵێک کەسی دیکەی سەر بەو ناوەندەی ڕێژیم و بەخشداری و پارێزگاری سنە، بە بیانووی بینین و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک سەردانی گوندی ''نییەر'' سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنەیان کرد.

کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەردانی خۆیان بۆ ئەو گوندە کە لە بەیانییەوە هەتا ئێوارەی هەمان ڕۆژی خایاندووە، نزیک بە سەد کەسیان لە هێزەکانی سپای پاسداران و ئینتیزامییان بە شێوەی ئامادەباشی لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەروەها لە هەندێک لە گوندەکانی بەخشی ''سیروان'' وەک ''هەشەمێز و گەلێن''، شورای گوند و دێهیار و خەڵکی ئاساییشیان وەک کەسانی گوێرایەڵ و ملکەچ لەگەڵ بووە.

لەو سەردانەدا کاربەدستانی ڕێژیم زیاتر لە ٣٠ ماشینی نیزامییان پێ بووە و لەبەر ئاوایی نییەر بێنێری تایبەت بە ''حەوتووی دیفاعی موقەدەس'' و وێنەی قاسم سلێمانیـ"ـیان هەڵواسیوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشن پزیشکیان لەگەڵ خۆیان بردووە کە خەڵک بەخۆرایی ویزیت بکەن.

لە کاردانەوە بەو هەوڵەی ڕێژیم، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە نییەر لە بەرانبەر ئاوایی، ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد و وڵامیکی توندیان بە ڕێژیم دایەوە.

گوندی ''نییەر'' یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنەیە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی گەلی کورد، زۆرترین نرخیان داوە و بە دەیان شەهیدیان پێشکەشی  ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کردووە.