کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد

12:51 - 28 جۆزەردان 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزرەدان یادی شەهیدانی کورد و کوردستانیان بەرز ڕاگرت و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر و دروشمی تایبەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە ''ساروقامیش'' و شارەدێی ''گامێشگۆلی'' لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، لە شاری شنۆ لە گوندەکانی ''سەوجە، پرداوێ، سەرگیز، دێشەمسی گەوەرە و دێشەمسی بچووک و باڵاگیر''، و لە شاری "ئاودانانـ"ـی ئیلام لە شەقامی "هەزاردەر" چالاکییان بەڕێوە بردبوو.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو چالاکییەدا یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و  ئاڵای کوردستانیان هەڵ کردووە و تراکت و پوستێری تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژرادنەکانیان بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کردبووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات جەختیان لەسەر ئەوە کردبووە کە بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم خیانەت بە خوێنی شەهیدانی کوردستانە.

هەروەها پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد لە پەیامێکدا شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندی مەحکووم کردبوو.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ماوەیەدا بە هەوڵی بێوچانی خۆیان چالاکییەکی زۆریان بەنیسبەت پووچەڵکردنەوەی ئەو شانۆگەرییەی ڕێژیمی ئیران لە کوردستان ئەنجام دا.

شانۆی هەڵبژرادنەکانی ڕێژیمی ئێران ئەمرۆ لەلایەن خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان هیچ پێشوازییەکی لێ نەکراوە و خەڵک سەلماندیان کهئەو ڕێژیمە هیچ ڕەواییەکی نییە و بە زۆر خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.