ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور ''قاسملوو''، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.
لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە بۆکان بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور ''قاسملوو''، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی، یاد و ناوی ڕێبەری نەمر دوکتور ''قاسملوو''یان بەرز ڕاگرت و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.
ئەو شوێنانەی کە لە بۆکان چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''دووکان و پاساژەکانی ئەو شارە، گوندەکانی ئاڵی کەند، کانی ڕەشی سەردەرئاباد، سەردەرئاباد، ئاشی گوڵان، شەرەفکەند، ئاجی کەند، خانقای شێخی بورهان، سێڕێیانی شەرەفکەند، کانی تۆمار، قەرەداغ، گڵێنان، کەرێزەی مەحموود ئاوا، سێڕای خوڵاماڵی و خانەقای مەهاباد".
لە پیرانشار ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی لە دیواری مەدرەسەی کار و دانیش و هەروەها چەند گوندی ئەو شارە وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی دوکتور قاسملوو دووپات کردەوە.
هاوکات ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی '' لەیلاخـ''ـی سەر بە شاری سنە، بەبۆنەی ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملووی نەمر، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بەو بۆنەیە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شوێنانەی کە لە ناوچەی ''لەیلاخ'' چالاکیی تێدا بەڕێوەچووە بریتین لە: ''نێو شاری دێولان، سەیرانگاکانی شەیدا ـ حەفت سواران، پارکی تەفریحیی لالە، دەوروبەری وەزارەتی ئیتلاعات، شورای ڕووحانیت، ئامووزش و پەرورش، جەهادگەران، بلواری شافێعی، بلواری مەولەویی کورد، گەڕەکی زاگرۆس، گەڕەکی قەدیمیی دێولان، ماڵە سازمانییەکان ئاوییەر، گەڕەکی کەلەملە و هەروەها تازاوا''.
لە شاری بانە قارەمانانی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەستی بەسۆزی خۆیان بۆ گەل و نیشتمان نیشان دا.
ئەندامانی تیکۆشەری حیزبی دێموکرات لە کامیاران بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەی تایبەت، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.
هەروەها ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو لە شاری ''بێهشەهری'' سەر بە ''مازندەران'' بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە چالاکییەکی بوێرانەدا تراکتی تایبەتیان ڕووبەڕوو بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بڵاو کردەوە.