کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملوو، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٠ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ئەم پەیامە، بەم چەشنەیە:
قاسملوو ئەی وانەبێژی سەر چیاکانی وەتەن
وانەکانی تۆ هەوێنی مانەوەی ئەم میلـلەتەن
٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆرکردنی ڕێبەر و مامۆستا و ئوستوورەی گەلەکەمان، شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانیدا تێدەپەڕێت. وانەکانی دوکتور قاسملوو بۆ هەتاهەتایە چرای ڕووناکیی ڕێگای سەربەرزی و سەرکەوتنە و پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئیرانەوە. هەرچەند کاک دوکتور بە جەستە له نێوانماندا نەماوە، بەڵام بیر، هزر، ڕێباز و سیاسەتی و هەروەها ئامانجە مەزنەکانی، وەک ئەستێرەیەکی گەش له ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە وهەتا شەو ڕەشتر و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، ئەو زیاتر دەدرەوشێتەوە. ئێمە وەک گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ڕێباز و ئامانجە بەرزەکانی شەهید دوکتور قاسملوو پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی گیانی ئازیزیان لە پێناویدا بەخت کرد، نەک هەر درێژەدەری ئەو ڕێگایەین، بەڵکوو ئامادەی هەموو چەشنە گیانبازی و فیداکارییەکین. ئیمە ناهێڵین خوێنی کاک دوکتور و شەهیدانی حیزب و گەل هەروا بەفیڕۆ بچێت و بەدڵنیاییەوە ئاسۆمان ڕوونە و سەرکەوتن نزیکە.
ئێمە هەر وەک کاک دوکتور فەرموویەتی کە "باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەدانی ڕێگایانە"، بێگومان ئێمە درێژەدەری ئەو ڕێگە پیرۆزەین.
یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو، هەتا کوردێک بمێنێت، هەر بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میلـلەتا دەژین
ئەندامان و ڕێبوارانی ڕێگای دوکتور قاسملووی نەمر
گوندی گۆگجەی سەرشیوی مەریوان