کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە "ئەوێهەنگ": کردەوەی تێرۆریستیی میکۆنووس مەحکووم دەکەین

12:49 - 26 خەرمانان 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

سڵاوێکی گەرم و شۆڕشگێڕانە ئاراستەی هەموو خەڵکی کوردستان و قارەمانانی نێو سەنگەری خەباتی دژ بە داگیرکەران دەکەین، هەروەها سەری ڕێز و حورمەت بۆ بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دادەنوێنین.

۲٦ی خەرمانان ۲۸ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری ڕێبەری نەمرمان دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی کاک "فەتاح عەبدولی"، کاک "هومایون ئەردەڵان" و کاک "نووری دێهکوردیـ"ـە کە ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی لە "بێرلینـ"ـی ئاڵمان کەوتنە بەر پەلاماری دڕندانەی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و شەهید کران. هەر بەوبۆنەوە ئەرکی سەرشانی خۆمانە ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەین.

کۆماری پەت و سێدارە بە تێرۆر و ئەشکەنجەی بەندکراوان و لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی وڵاتمان نەیتوانیوە ئیرادەی پۆڵایینی شۆڕشگێڕان و خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێت؛ ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەنگەری خەبات ئاوەدانتر دەبێت و ئەوەیش نیشانەی شکستی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێرانە کە هەموو پیلانەکانی دەبێتە بڵقی سەر ئاو.

ئێمەیش دیسان دەست لەسەر سینگ ڕادەوەستین و بڵێنیی وەفاداریی خۆمان لەگەڵ خوێنی ڕژاوی ڕێبەری شەهیدمان و هاوڕێیانی دووپات دەکەینەوە تا دوادڵۆپی خوێنمان وەفاداری ڕێگا و ڕێبازیان دەبین.

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاسان دەکەینە چقڵی چاوی داگیرکەران.

نەسرەوتن تا سەرکەوتن

لاوان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەوێهەنگ/ ژاوەرۆ