کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە

12:41 - 25 بانەمەڕ 2722

ئەندامانی و لایەنگەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چیاکانی کوردستانیان مەحکووم کرد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شنۆ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی هێزی پێشمەرگە، ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان نیشان داوە و لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند: ''ئێمە پێشمەرگەکانی شار لە شنۆ پشتیوانیی خۆمان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕادەگەیەنین و خۆمان بە هێزێکی جیا لە پێشمەرگە قارەمانەکان نازانین و هەردەم هێزی شار وەک پاڵپشتی سەرەکیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دێتە مەیدان و هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیرادەی ئەم هێزە قایمتر دەکات و هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت پێش بەم ئیرادە پۆڵایینە بگرێت".

لەو پەیامەدا هاتووە: "هێرشە مووشەکییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە توندترین شێوە مەحکووم دەکرێت و ئێمە زیاتر لە جاران پشتیوانیی خۆمان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕادەگەیەنین".

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ''قەڵاتی شا'' لە مەهاباد بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی جامانە، دڵسۆزی و ئەمەگداریی خۆیان بە حیزبی دێموکرات و خەباتی گەلی کورد دووپات کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە گوندی تەنگیسەر بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دانانی وێنەی دوکتور ''قاسملوو'' پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات بۆ جارێکی تر دووبارە کردەوە، هەروەها هێرشی سپای پاسدارانیان بۆ سەر چیاکانی کوردستان بە توندی مەحکووم کرد.