کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی گەڕانەوەی "عوسمان مستەفاپوور" بۆ نێو حیزب دەکەن

12:46 - 9 جۆزەردان 2720

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی گەڕانەوەی "عوسمان مستەفاپوور"، زیندانیی سیاسیی کورد کە ماوەی ٢٨ ساڵ لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا بوو، بۆ نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

زیندانییە خۆڕاگرەکان

پێشمەرگەکانی شاخ و شار

لە شاری سەقزی دێموکراتپەروەرەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین

گەڕانەوەی سەربەرزانەی کاک "عوسمان مستەفاپوور" بۆ ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ماڵەگەورەی دێموکرات لە ئێوە و هەموو خەڵکی کوردستان و نیشتمانپەروەرانی دڵسۆز و خەباتکار پیرۆز بێت .

بەرەنگاریی قارەمانانە و لێبڕاوانە لە بەرانبەر شەڕی داسەپاو بەسەر خەڵکی ئاشتیخواز و کۆڵنەدەری کوردستان ماوەی دەیان ساڵە درێژەی هەیە. ئەگەرچی گەلی کورد بە ئاواتی گەورەی کە ئازادی و سەربەستی یەکجارییە نەگەیشتووە، بەڵام بە خۆشییەوە دوژمنی تێرۆریست و داگیرکەری کوردستانیش نەیتوانیوە خەونە چەپەڵ و نگریسەکانی بێنێتە دی .

حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی خەبات و بەرەنگاریی ڕەوادا ڕێبەرایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کردووە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر دوژمنی تەیار بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو و دەزگای زەبەلاح و پڕ لە درۆ و پڕوپاگاندای چەواشەکارانەی ڕێژیمدا قارەمانانە خاوەنداریەتیی لە شۆڕش و مانەوەی کوردستان و کورد کردووە و لە شەڕی زبر و نەرمدا بەردەوام شکستی بە ڕێژیمی ئاخوندی هێناوە.

ئەو سەنگەرە بە کەسانی وەک کاک "عوسمان مستەفاپوور" ئاوەدانتر و قایمتر بووەتەوە. دیسان پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە نوێیە لە هەموو لایەک و بەتایبەت کاک عوسمانی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەر دەکەین و ئاواتی سڵامەتی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ جەنابیان و هەموو شۆڕشگێڕان دەخوازین .

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریست و جینایەتکاری ئاخوندی

بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز