ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەریوان، یادی شەهیدانی سەوزیان لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا بەرز نرخاند.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەریوان بەبۆنەی ٣ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهیدانی ژینگە لە مەریوان، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەسەر گڵکۆی ئەو نەمرانە هەڵ کرد.
ئەوە دووەمین ساڵ لەسەر یەکە کە ڕێبوارانی ئەندێشەی سەوز و هەروەها ژینگەدۆستانی کوردستان یادی ئەو شەهیدانە بەرز دەنرخێنن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ژینگەدۆستان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە گوڵبارانکردنی گڵکۆی شەهیدانی سەوز و هەڵمەتگەلی ڕێپێوانی و شاخەوانی، ئەمەگداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدانی ئەندێشەی سەوز نیشان دا.
٣ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهیدان "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا"یە کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا شەهید کران.