کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی نهێنیی حیزب لە مەهاباد پەیامێکیان بۆ ڕۆژی پێشمەرگە بڵاو کردەوە

10:21 - 28 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی نهێنی و پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد، بەبۆنەی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە و وەفاداریی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.

ئەندامانی نهێنی و پێشمەرگەکانی شار لە پەیامێکدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی لە چۆنیەتیی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و ناودێرکردنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، باسیان لەوە کردووە کە هەر لەو سەردەمەوە هێزی پیشمەرگە سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکان، بەبێ وەستان و بەبێ درێغی، خەباتی خۆی بەرەوپێش بردووە.

لەم پەیامەدا هاتووە: "بە خۆشییەوە دەتوانین بڵێین کە هێزی پێشمەرگە لە جیهاندا، وەکوو هێزێکی نەتەویی و تێرۆریزم‌بەزێن ناسراوە و لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشدا، بە ئیدئۆلۆژییەکی تازەوە و بە خەباتێکی سەردەمیانەوە هاتووەتە گۆڕەپانی خەبات کە ناوی ڕاسانـە".

"ئێمەش وەکوو ئەندامانی نهێنی و پێشمەرگەکانی شار لەم ڕۆژە پیرۆزەدا پەیمانی وەفاداریی خۆمان لەگەڵ حیزبی دیمۆکرات نوێ دەکەینەوە و تا دواهەمین دڵۆپی خوێنمان و ئاخرین چرکەی ژیانمان بەم ڕێگایە وەفادار دەمێنینەوە و ئامادەی گیانفیدایین".

ئەندامانی نهێنی و پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد

بژی حیزبی دێموکرات

بژی ڕاسان

بژی پێشمەرگە