ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ ئەندامانی ئەنجومەنی "ژیوای پاوە، گروپی کەشەوانی قەندیلی ڕوانسەر، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان" سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ژینگە "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینیـ"ـان کردووە بە دانانی تاجە گوڵ یادی ئەو شەهیدانانەیان بەرز ڕاگرتووە و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجەکانیان نوێ کردووەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەوە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕ ڕێکخراوی ژینگەیی پیرانشار ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی شەشەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ڕێکخراوی ژینگەیی پیرانشار، بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کیمیابارانی سەردەشت و هەروەها یادی شەهیدانی ژینگەیی ئەنجومەنی "ژیوای" پاوە بەڕێوە بردووە.
سێ ئەندامی ئەنجومەنی "ژیوای" پاوە، شەهیدان "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوودا لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "مەڕەخێڵ" گیانی پاکیان بۆ نیشتمانەکەیان بەخت کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی "مەدەنی، کەسایەتی و شاعیران، شاخەوانان، ژینگەدۆستان و ئەندامانی ڕێکخراوە" بەڕێوە چووە.