کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا: بایدن دەبێ هەڵوێستی بەبڕشت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران بگرێت

11:56 - 28 بانەمەڕ 2722

ڕێژەیەک لە ئەندامانی دێموکرات و کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا، داوایان لە "جۆ بایدن" کردووە کە لە پەیوەندی لەگەڵ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڵوێستی بەبڕشتی هەبێت.

"جۆنی ئێرنێست" سێناتۆری کۆماریخواز وتوویەتی: "وا بیر دەکەمەوە کە سەرنجی پێویست نەدراوەتە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێ بایدن لەو پەیوەندییەدا چالاکانەتر بجووڵێتەوە".

"ئێرنێست" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "دەوڵەتەکان بەرپرسی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکن و ئەو بابەتە گرینگییەکی تایبەتی هەیە و بەرپرسانی ئیران دەبێ سەبارەت بەوەیکە بزانن ئەمنییەتی خۆراکیی خەڵک لە کوێیە و چۆناوچۆن دابین دەکرێت، ئاوڕێک لە خۆپیشاندانەکان بدەنەوە".

هەروەها "پیت ئاگیلار" ئەندامی دێموکراتی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە کاردانەوە بە سەرکوتی خۆپیشاندەران وتوویەتی: "خۆپیشاندەران لە هەر شوێنێکی دنیا کاتێک بە شێوەی ئاشتییانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن نابێ بکەونە ژێر هەڕەشە و توندوتیژی و بکوژرێن. دەوڵەتی بایدن دەبێ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو بابەتە چارەسەر بکات".

لەو پەیوەندییەدا چەند کەس لە بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا (ترامپ( پشتیوانییان لە خۆپیشاندەران کردووە، لەوانە "ویکتۆریا کوتس" داوای لە "ئیلان ماسک" کردووە ئیتێرنێتی خێرا بۆ خۆپیشاندەران دابین بکات.