کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتێرێکدا لە کێلەشینی شنۆ بریندار بوون

12:04 - 6 خاکەلێوه 2720

٧ کەس لە هێزەکانی عەمەلیاتیی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەری سپای تێرۆریستی پاسداران لە حەوزەی قەرارگای ناوەندیی "کێلەشینـ"ـی شنۆ بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە؛ سێ کەس لە بریندارەکانی ئەو ڕووداوە بەپەلە لەلایەن هێلیکۆپتێری مەئمووریەتیی سپاوە بۆ نەخۆشخانەی "عارفیان" (نەخۆشخانەی سپای تێرۆریستی پاسداران) ڕاگوێزراون. دواتر چوار کەسەکەی دیکەش بۆ ئەو نەخۆشخانەیە ڕادەگوازرێن.

بەپێی زانیارییەکان دۆخی سێ کەس لە بریندارەکان نالەبارە.

کەوتنەخوارەی ئەو هێلیکۆپتێرە لەکاتێکدایە کە پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتێرە بڵاوی کردبووە: "لەو ڕووداوەی هێلیکۆپتێری هەوانیرووزی سپا هیچ کەس زیانی پێنەگەییشتووە".

 ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە، هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەری سپا لە بەرزاییەکانی کێلەشین لە شنۆ تووشی ڕووداوێک بوو و لە ئەنجامدا کەوتبووە خوارەوە.

ئەو هێلیکۆپتێرە لەگەڵ دڕۆنێکی (پەهپاد) ئێلێکترۆنی بۆ فیلمبەرداری و وێنەهەڵگرتنەوە لەگەڵ یەک هێلیکۆپتێری دیکەی سپای پاسداران لە ورمێ لە کاتی هەڵسەنگاندنی دۆخی سنوورەکانی داڵامپەڕ و ناوچەکانی کێلەشین دابوونه.

ئەو مەئموورییەتە بۆ ڕاگواستنی کەلوپەلی خواردن بۆ هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەرزاییەکانی کوردستان، هەڵسەنگاندن و کۆنترۆڵی سنوورەکان، بەدەستهێنانی زانیاری لە ڕێگا دژاور و بەفراوییەکانی سەر سنوور و دروستکردنی پایگای تازە بەپێی پەسندکراوی شورای بەرگری و عەمەلیاتیی سپا لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.