کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ ئەندامی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران کوژران

12:03 - 18 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە هێرشێکی هەواییدا بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئێران لە خۆرئاوای سوورییە، ٥ ئەندامی ئێرانیی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەو وڵاتەدا کوژران.

"چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە"، کە گرووپێکی چاوەدێری شەڕی سووریەیە، ڕایگەیاند کە، فڕۆکەگەلێکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو شەوی ١٦ی سەرماوەز، لە ناوچەی "ئەلحێزامولئەخزەر" لە دەوروبەری شاری "بووکەمال" هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە.

پاش هێرشەکان، ئەو بنکانە ئاگریان تێ بەربووە و لانیکەم ٥ کەس لە چەکدارانی ئەو هێزە میلیشیایانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون.

ڕۆژنامە و هەواڵدەرییە ئیسراییلییەکان لە زاری سەرچاوە سوورییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئامانجی ئەو هێرشانە، کۆگاکانی چەکوچۆڵی ژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئێران بووە.

پێشتریش هێرشگەلێکی هەوایی بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "بووکەمال" ڕوویدابوو، کە دوایین نموونەی، هێرشی ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی سەرماوەز، بوو کە کۆگایەکی چەکوچۆڵ کرایە ئامانج.

لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا بەرپرسانی ئیسراییلی ئاخاوتنێکی توندتر لە جارانیان بەنیسبەت ئێرانەوە گرتووەتە بەر، نموونەی ئەو لێدوان و هەڕەشانە، هەڕەشەی "ئیسراییل کاتز"، وەزیری دەرەوەی ئیسراییل بوو کە، هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێرانی وەک بژاردەیەکی نیزامی هێنایە بەر باس.