کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامی هەیئەتی مەرگ بووە سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران

16:30 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ، بە بڕیاری خامنەیی  کرایە سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

لە دوای ماوەیەک قسە و باس بۆ دانانی "ئیبراهیم ڕەیسی"، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پۆستی دەزگای قەزایی ڕێژیم، ئەو پۆستەی پێ درا و دادگا و دادوەرەکانی ئێران کەوتنە ژێردەستی ئەو ئەندامەی هەیئەتی مەرگ.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بڕیارێکدا حوکمی دانانی ناوبراوی لەو پۆستەدا پشتڕاست کردەوە.

لە دوای ئەوەی کە خامنەیی  ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا، کە ئەگەری هەیە لە جیاتی "سادق ئامۆلیی‌لاریجانی"، سەرۆکی ئێستای دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، "ئیبراهیم ڕەیسی" دانرێت، بەناو ڕێفورمخوازان خۆشحاڵیی خۆیان لەم بڕیارەی خامنەیی دەربڕی.

ڕەیسی پشتیوانی بناژۆخوازەکانی ڕێژیمی ئێرانی نییە، بەڵام بەناو ڕێفورمخوازانی نێو ڕێژیم، پێشوازییان لەو بڕیارەی خامنەیی و دانانی ڕەیسی لەو پۆستەدا کردبوو.

پێشتریش موحسێنیی‌ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران باسی لەوە کردبوو، خولی نوێی دەزگای قەزایی بە سەرۆکایەتیی ڕەیسی بەڕێوە دەچێت.

"ئیبراهیم ڕەیسی''، یەکێک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیمی ئێران بووە، کە لە هەیئەتەکانی مەرگدا دەستی هەبووە.

مونتەزیری لە یەکێک لە فایلە دەنگییەکانیدا کە لە بارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە ئیبراهیم ڕەیسی یەکێک لە جەنایەتکارەکان بووه.

لە ئێعدامەکانی سالی ٦٧دا لە ماوەی چەند مانگدا ٢٨٠٠ هەتا ٣٨٠٠ کەس ئێعدام کراون.

بەشی هەرەزۆری ئەو كەسانەی كە لەو ساڵەدا ئیعدام كراون و ژمارەیان لە ٥ هەزار كەس تێدەپەڕێت، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و دژایەتیكردنی ئینقلاب (ڕێژیم) گیانیان لێ ئەستێندرا.

ناوبراو دوای ساڵی ٦٧ لە پۆستە باڵاکانی دەزگای قەزاییدا چالاکی هەبووە و ئێستاش بڕیارە ببێتە سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.