کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامی وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ئێران: لە ڕۆژدا ٣٢ ملیۆن لیتر مازووت لە وزەخانەکان دەسووتێنین

18:34 - 20 سەرماوەز 2721

"مۆحسین تەرز تەڵەب" بەڕێوبەری گشتیی شیرکەتی بەرهەمهێنانی بەرقی گەرمایی، ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەز بە هەواڵدەریی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی وتووە کە لە ڕۆژدا نزیک بە ٣٢ ملیۆن لیتر مازووت لە وزەخانەکانی ئێران کەڵکی لێ وەردەگیرێت و بەو شێوەیە نزیک بە یەک لەسەر چواری سووتەمەنیی وزەخانەکانی ئێران لە مازووت و گازۆئیل دابین دەکرێن.

وزەخانەکانی ئێران ساڵی ڕابردوو بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە لە ١٧٨ ملیۆن میتری سێجا گاز، ١٦.٤ ملیۆن لیتر مازووت و ٣٠ ملیۆن لیتر گازۆئیل کەڵکیان وەرگرتووە.

ئامارەکانی ئەمساڵ دەریانخستووە، بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما، کەڵکوەرگرتنی ڕۆژانەی گازی ماڵان، بازرگانی و پیشەی وردە لە نیوەی مانگی خەزەڵوەر هەتاکوو ئێستا ٩٠ ملیۆن میتری سێجا زیاتر لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو بووە.

لەلایەکی ترەوە "مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی" وتەبێژی پیشەی بەرق، حەوتووی ڕابردوو بە "ئیسنا"ی وتبوو: "لە هەلومەرجی ئێستادا وزەخانەکان بەگشتی ٧٥ لەسەد لە سووتەمەنیی گاز و نزیک بە ٢٠ لەسەد لە گازۆئیل و نزیک بە ٥ لەسەد لە مازووت کەڵک وەردەگرن".