
ئەندامێکی نهێنیی چالاکی حیزبی دێموکرات و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە و دەوروبەری بەهۆی ڕووداوێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
"عیرفان ساعدپەنا" کوڕی "سانیە" و"مەولوود" خەڵکی شاری "سنە" تەمەن ٣٥ سال، ئەندامی چالاکی نهێنیی حیزب لە نێوخۆ، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەست دا.
ناوبراو بڕوانامەی کارناسیی باڵای زانستی سیاسی هەبووە.
کاک "عیرفان" لە سالی ٩٠ـەوە پەیوەندیی بە حیزبەوە گرت و وەک ئەندامێکی چالاک تیکۆشانی خۆی لە ڕێکخستنەکانی حیزب دەست پێکرد.
ناوبراو چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە توندترین شێوە کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.
"ساعدپەنا" یەکێک لە دامەزرێنەرانی "دامەزراوەی زاگرۆس" بوو و چەند سال بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە بوو.
"دامەزراوەی زاگرۆس" لە بواری مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردیدا خزمەت دەکا.
کاک عیرفان کەسێکی خۆشەویست و جێگەی ڕێزی لاوان و توێژی خوێندەواری شاری سنە بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک لە باشترین ئەندامەکانی خوی لەدەست دا، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک "عیرفان ساعدپەنا" و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی ئەو خەمە قورسەیان دەزانین.