کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی حاجی "کامیل سۆفیزادە" لە سەڵماس کۆچی دوایی کرد

17:44 - 22 بانەمەڕ 2721

ئەندامێکی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتیی ناسراوی سەڵماس و ورمێ بە ناوی حاجی "کامیل سۆفیزادە"، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۱۴۰۰ی هەتاوی، حاجی "کامیل سۆفیزادە" کوڕی "سولەیمان" خەڵکی گوندی "قورمیک" لە ناوچەی سۆما و دانیشتووی شاری سەڵماس، لە تەمەنی ۷۳ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "کامیل" هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزب بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و خۆی و ۵ برای دیکەی چەکی پارێزگاری لە کوردستانیان کردە شان و بۆ ماوەی زیاتر لە ۴ ساڵ ماڵی خۆی کرد بە مەقەڕی حیزب و هەموو دارونەدار و ماڵ و سەروەتی خۆی خستە خزمەتی شۆڕشەوە.

حاجی "کامیل" زۆرینەی خەڵکی گوندی قورمیک و خزم و کەسوکاریشی دەکاتە ئەندام و هێزی "بەرگریی میللی" پێک دێنێت.

حاجی "کامیل" بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ڕێژیم لە چەندین شەڕی وەک "پردی جۆهنی، سییەوان، قەزەن، گێردووکی حەسار و گر گەنمـ"ـدا بە قارەمانیەتی بەشداریی کردووە.

زۆربەی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب کە سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە، بێگومان چاویان بە حاجی کامیل کەوتووە، وەک مامۆستا مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" و شەهیدان "نەبی قادری و چەکۆ ڕەحیمی" و تەنانەت لە گوندی جۆهنی چاوی بە ڕێبەری مەزنمان دوکتور "قاسملوو"ش کەوتووە.

حاجی کامیل سۆفیزادە بەو مەردایەتی و هەموو شتێک دانانی لە خزمەتی شۆڕشدا، ببوو بە کەسێکی  خۆشەویست و جێگای متمانەی هەموو کەس.

پاش داگیرکردنی زۆربەی خاکی کوردستان لە سەردەمی شەڕی پارتیزانیدا، هیچ کاتێک پێوەندیی خۆی لەگەڵ پێشمەرگە و حیزبەکەی نەپچڕاند و وەک ئەندامێکی چالاک هەر هەمان کات لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی دیداری هەبوو و چەندین جار هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کرد و زانیاریی بە حیزبەکەی دەدا.

حاجی کامیل بە مەبەستی کار و چالاکی و بەردەوامیی پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبەکەی، چەند جار سەردانی بنکەکانی حیزب لە باشووری کوردستانی کرد و چاوی بە ڕێبەریی حیزب کەوت و پەیمانی نوێ دەکردەوە.

برازایەکی حاجی کامیل بە ناوی "نوورەدین سۆفیزادە" پێشمەرگەی کوردستانە و هەمیشە پشت و هاندەری بووە بۆ بەردەوامی و خزمەت بە حیزب و گەلەکەی.

حاجی کامیل سۆفیزادە تا دواساتەکانی ژیانی بە بیر و باوەڕێکی قووڵ بە ئازادیی گەلەکەی، ئامادەی جێبەجێکردنی هەر جۆرە ئەرکێکی حیزبی بوو و بەداخەوە مەرگ مەجالی نەدا کە ئاواتەکانی واتە ڕزگاریی گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینێت.

تەرمی ئەم ئەندامە تێکۆشەرەی حیزب هەر هەمان ڕۆژ واتە چوارشەممە ۲۲ی بانەمەڕ لەنێو ئاپۆڕای خزم و کەسوکاری لە شاری سەڵماسەوە بەرەو زێدی خۆی واتە گوندی قورمیک لە ناوچەی سۆما بەڕێ کرا و بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری حاجی کامیل سۆفیزادە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.