کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراو لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا

13:04 - 1 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی ئەندامیکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "ئەمیر ساڵحی"  خەڵکی شاری بانە لە شاری سلێمانی بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراو گیانی لەدەست دا.

"ئەمیر ساڵحی" کوڕی ئیبراهیم ساڵی ١٣٧١ـی هەتاوی لە گوندی "بلەکێ" سەر بە شاری بانە لەدایک بووە.
ناوبراو تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەرسی خوێندووە و دواتر بەهۆی قورسیی باری ژیان و ئاستەنگەکانی وازی لە خوێندن هێناوە.

ناوبراو لە ساڵانی دواتردا دەست دەکات بە چالاکیی سیاسی و حیزبی و چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو دواتر بەهۆی بەردەوامی لە چالاکیی حیزبی قاچاخ دەبێت و ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و مافی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتدا وەردەگرێت و وەکوو ئەندامی ئاشکرا لە کۆمیتەی حیزب لە شاری سلێمانی لە کار و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

ناوبراو چەندین جار بەهۆی هەڵسووڕی و چالاکبوونیەوە لەلایەن حیزبەوە تەشویق کراوە.

بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٣١ی پووشپەڕ ناوبراو بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراو لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.