کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات دوکتورای زمانی ئینگلیزی وەرگرت

12:11 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بڕوانامەی دوکتورای لە زمانی ئینگلیزی بە پلەی نایاب وەرگرت.

ڕۆژی شەممە، ۷ی بانەمەڕ، لە هۆڵی دوکتور "عەبدولحەمید یەعقووبی"، لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین، لە شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان، "پەیمان بابایی"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستای زانکۆ، دوکتورای لە زمانی ئینگلیزی بە پلەی نایاب وەرگرت.

بابایی، لەسەر تێزی دوکتوراکەی لەژێر ناونیشانی "کاریگەرییەکانی فێربوونی زمان بە یاریدەی ئامێرە موبایلییەکان لە بەرەوپێشبردنی کارامەییەکانی گوێگرتن و ئاخاوتنی خوێندکارانی کورد زمانی زانکۆی کۆیە"، گفتۆگۆی کرد، کە لە ئاکامدا پاش ٥ کاتژمێر، لێژنەی هەڵسەنگاندن کە لە ٥ پڕۆفسۆری زانکۆوەکانی سەلاحەدین، مووسڵ، دیالە و تکریت پێک هاتبوون، تێزەکەی وەک خۆی و بە پلەی نایاب پەسەند کرا.

تێزەکەی پەیمان بابایی وەک کارێکی نوێ و داهێنەرانە لێک درایەوە و هەوڵ و جێپەنجەی لێکۆڵەرییان لە برەودان بە پرۆسەی پەروەردە و ڕێفورم بەرز نرخێندرا.

هاوکات شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "محەممەدنەزیف قادری"، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات ئامادەی گفتۆگۆکە بوون و چەپکەگوڵی پیرۆزباییان پێشکەش بە هاوڕێ پەیمان بابایی کرد و هیوای سەرکەوتنی هەرچی زیاتریان بۆ بەئاوات خواست.