کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان کۆچی دوایی کرد

11:52 - 18 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "سەعدییە کۆهزادی"، دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو "سەعدییە" ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەری گوندی "سووبون" سەر بە شاری سنە لە‌دایک بوو.

ناوبراو بەهۆی حیزبدۆستی و بوونی چەند تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاریی کورد لەنێو بنەماڵەکەیدا، ئۆگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی و لەلایەن شەهیدی ڕاسان، شەهید "شۆڕش مینبەریـ"ـیەوە پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و وەک ئەندامێکی چالاک لە ڕێکخستنی نهێنی، ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.

خاتوو "سەعدییە" ساڵی ١٣٨٩ لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕوویان لە کوردستانی باشوور کردووە و لە سلێمانی خۆی و منداڵەکانی وەک ئەندامی ئاشکرای حیزب خزمەتی حیزب و نەتەوەکەیان کردووە.

 دواتر ڕوویان لە وڵاتی ئاڵمان کردووە و لە دەرەوەی وڵاتیش بە هەموو توانایەوە بۆ سەرخستنی ڕێبازە پیرۆزەکەی هەوڵ و تێکۆشانی داوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو "سەعدییە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.