کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە بلارووس بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لە دەست دا

12:33 - 3 سەرماوەز 2721

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی ''کاوە مووسازادە'' تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ''ئەنوەر'' و خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە دانیشتووی کەمپی باریکە بوو، ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەز، لە سنووری "لەهێستان ــ بلارووس" بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.

ناوبراو ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕ لە کەمپی "ئەلتاش" لە ڕۆمادییەی عێراق لەدایک بووە. بنەماڵەی "کاوە" لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا وەکوو پەنابەر لەو کەمپە نیشتەجێ دەبن.

''کاوە مووسازادە'' وێڕای بنەماڵەکەی ساڵی ٢٠٠٥ ڕەوانەی کەمپی "باریکە"ی شاری سلێمانی کراون و سەر بە کۆمیتەی ڕێکخستنی سلێمانی بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.