کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە بواری زانست لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

17:50 - 26 پووشپەڕ 2721

"نەجمەدین ئەکبەری" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خوێندکار لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لەلایەن کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکانی کوردستان و کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سلێمانی خەڵات کرا.

"نەجمەدین ئەکبەری" ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە شاری "کامیاران" لەدایک بووە. ناوبراو هەتا تەمەنی ٩ بۆ ١٠ ساڵی لە "کامیاران" ژیاوە.

بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەکەی پێوەندیی نهێنییان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەبووە بەهۆی هەڕەشە و گوشارەکانی ڕێژیمی ئێران زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ دەبن.

دوای ئەوەیکە لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ دەبن "نەجمەدین" درێژە بە خوێندن دەدات و دەتوانێت لە زانکۆ وەرگیرێت.

ناوبراو لە زانکۆ لە بەشی زانستە سیاسییەکاندا درێژە بە خوێندن دەدات. بەهۆی لێهاتوویی توانویەتی لە ئاستی زانکۆ و دانیشکەدەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشی  زانستە سیاسییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

ناوبراو لەبارەی سەرکەوتنی خۆی باسی لەوە کردووە: "ئێمە وەک ڕۆڵەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ لە شوێنە جیاوازەکاندا هەمیشە سەرکەوتوو بین و ئەوەش ئەرکە لەسەر شانی ئێمە".

"ئەکبەری" باسی لەوە کرد: "ئەو دەسکەوتە بە دەسکەوتی خۆم نازانم؛ بەڵکوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەزانم. چونکە پەروەردە و سیاسەت و ڕێبازی گەورە ڕێبەرانی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی بوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەو هێز و پاڵنەرە بە من بدرێت کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە قۆناغە زانستییەکان تەواو بکەم".

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستان ئەرکی سەرەکیی سەرشانی  منە.