کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد

10:28 - 24 خەزەڵوەر 2721

''عومەر موعەللا" ناسراو بە ''عومەر سماقڵوویی'' ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی ''سماقڵوو''ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بەهۆی جڵتەی دڵ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .

کاک "عومەر'' ئەندامێکی نەترس و چالاکی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ساڵەکانی ٦۰ی هەتاویدا لە ڕێگای نامەوە و و چەندین جاریش گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی لە پیلانەکانی دوژمن لە ناوچەکانی سەرشیو و گەورک و ناوشاری سەقز ئاگادار کردبووەوە .

لە ساڵەکانی ٦۰دا و چەند ڕۆژێک لە پاش شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزب ناوبراوی ئەرکدار کردبوو هەتا تەرمی شەهید لەنێو پادگانی سەقز بێنێتە دەرەوە. مامە عومەر زۆر بوێرانە بە تاریکیی شەو چووبووە ئەو بەری سیم خاردارەکان و تەرمی لە خوێن شەڵاڵی شەهیدی لەژێر گڵ هێنابووە دەرەوە و دواتر ڕادەستی حیزبی دێموکراتی کردبوو.

ناوبراو لە خزمەتکردن بە بنەماڵەی پێشمەرگەکان کەسێکی هەڵسووڕ و بەوەفا بوو و هەتا دواساتەکانی ژیانی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شاخدا لە پەیوەندیدا بوو و بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە .

تەرمی کاک "عومەر موعەللا" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ''سماقڵوو'' لە ناوچەی سەرشیوی سەقز بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.