کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری نەوسوود کۆچی دوایی کرد

11:51 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: مام "وەهاب فەتحی"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری نەوسوود ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەری ۱۳۹۷ی هەتاوی،  مام "وەهاب فەتحی"، کوڕی "سۆفی لوتفوڵڵا"، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۱۵ی هەتاوی، ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتی خۆشناوی ناوچەی هەورامان لە شاری نەوسوود، بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

مام وەهاپ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە سالی ۱۳۵۷ی هەتاوی، پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەکات و پاش هێرشی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان و فەرمانی جیهادی خومەینی بو سەر کوردستان، بە هۆی دۆخی تایبەتی کارییەوە لەسەر ڕاسپاردەی حیزب، شاری نەوسوود کە ئەوکات بە دەست حیزبەوە دەبێت بەجێ دەهێڵێت و لە شاری پاوە نیشتەجێ دەبێت.

مام وەهاب فەتحی، پاش ڕێکخستنی نوێی ئەندامانی حیزب لە شار و ناوچەکانی کوردستان، هەر زوو لە شاری پاوە چەندین هەستەی تەشکیلاتی نهێنی ڕێک دەخات و کار و ڕاسپاردەکانی حیزبی بەباشی جێبەجێ دەکات و دواتر لە کۆمیتە شارستانی پاوە وەک کادر و ئەندامێکی تەشکیلاتی نهێنی دڕێژە بە کار و تێکۆشانەکانی دەدات.

لە ساڵەکانی ۱۳٦۲ی هەتا ۱۳۷۰ی هەتاوی، چەندین پیلان و هێرشی هێزەکانی دژەگەلی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و بەتایبەت بۆ گرتنەوەی شاری نەوسوود ئاشکرا دەکات و لە چەندین عەمەلیاتی هێزی پێشمەرگە لە شارەکانی نەوسوود، نۆدشە و پاوە بە شێوەی نهێنی بەشداری چالاکانەی کردووە و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە بووە.

ئازایەتی و چاونەترسیی مام وەهاب بۆ ڕاسپێردراوە حیزبییەکان چەندین جار ژیانی خستە مەترسییەوە، بەڵام ئیمانی قووڵی مام وەهاب بە حیزب و گەلەکەی وای لێ کردبوو، کە هیچ کات لە کۆسپ و سەختییەکانی سەر ڕێگای سڵ نەکات و سەرەڕای دۆخی دژواری ئەمنی و ژیانی کاری و تاکەکەسیی خۆی تا دوا ساتەکانی ژیانی لە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ حیزبەکەیدا بێت و وەکوو ئەندامێکی چالاکی حیزبی درێژە بە کار و تێکوشان بدات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ئەو تێکۆشەرە ماندوویینەناسە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.