کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد

12:02 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار، بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک "ئیبراهیم عەلیپوور"، کوڕی خوالێخۆشبوو سۆفی سەیدە، خەڵکی گوندی "شێڵم جاران"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە دایک بووی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بە کەسێکی فیداکار و چاونەترس و بەتوانا دەناسرا و لە لای خەڵکی گوندەکە کەسێکی خۆشەویست و جێگەی ڕێز بوو، شەوی ڕابردوو کاتژمێر٢ی شەو پاش خۆڕاگرییەکی زۆر لە بەرانبەر نەخۆشی گیانی به ڕێبازی پڕ سەروەریی حیزب سپارد؛ ناوبراو هەتا دواچرکەکانی ژیانی لە سەر ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

خوالێخۆشبوو، لە ساڵی ١٣٦٠دا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و ماوەی حەوت ساڵ لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار و لێدانی تاریکپەرەستاندا خۆڕاگری کرد و سەرەنجام توانی چۆک بە جەلادان دابدات . ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٧ لە زیندان دێتە دەرێ و هۆکاری نە خۆشینەکەشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەنجەکانی نێو زیندان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە  خزم و کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.