کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

17:36 - 3 خەزەڵوەر 2720

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی حاجی "ئەحمەد فەتحوڵڵاهی" لە شنۆ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر حاجی "ئەحمەد فەتحوڵڵاهی" کوڕی حاجی "محەممەد حەسەن" خەڵکی گوندی "کانیسۆرک" سەر بە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد. ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و بە ناوی نهێنیی "شەپۆل" کاری کردووە.

حاجی ئەحمەد ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لەدایک بووە. ساڵی ١٣٧٢ بۆ ماوەی ١٨ مانگ بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە ئیتلاعاتی شنۆ و زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانی کرا.

ناوبراو لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجە کرا، بەڵام هیچ کات تەسلیمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەبوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.