کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەریوان ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:21 - 3 خەزەڵوەر 2720

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەریوان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر کاک "سەروەر مورادیان" خەڵکی "تەنگیسەر" بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "سەروەر" ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە "تەنگیسەر" لەدایک بووە.

ناوبراو کاتێک منداڵێکی ٤٠ ڕوژە دەبێت دایکی کوچی دوایی دەکات. هر لە منداڵییەوە لە نازی دایک بێبەش دەبێت و تەنیا دەتوانێت هەتا پۆلی دووەمی ناوەندی بخوێنێت.

کاک "سەروەر" بۆ بژێویی ژیانی ڕوو لە شارەکانی خووزستان دەکات. دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوه "سەوڵاوا" و پاشان مەریوان و لەوێ بۆ هەمیشە نیشتەجێ دەبێت.

بەهۆی نیشتمانپەروەرییەوە پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە دەگرێت و وەک ئەندامێکی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب سازمان دەدرێت .

کاک "سەروەر مورادیان" لە شەڕی کۆساڵاندا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران دەسبەسەر کرا و ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

دوای تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەی لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندا دەبێت و ناچار دەکرێت هەموو بەیانی و ئێوارەیەک خۆی بە ئیتلاعاتی شاری مەریوان بناسێنێت.

بەڵام ئەو گوشارانە قەت نەیتوانی کاک "سەروەر" لە ئەرکە حیزبیەکان کە پێی دەسپێردرا دوور بکاتەوە و هەموو کات ئەرکە حیزبییەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی بۆ حیزبی خۆشەویستی خوێ جێبەجێ دەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.