کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:43 - 19 بانەمەڕ 2722

مام "محەممەد شاهیجانی" ئەندام و تیکۆشەری لەمێژینەی حیزبی دێموکرات خەڵکی گوندی "سونجاقـ"ـی سەر بە شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام "محەممەد" یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە شۆڕشی ساڵانی ٤٦ـ٤٧ی حیزبی دێموکراتدا بەشداری کردووە و یارمەتیی زۆری شۆڕشگێڕانی ئەو قۆناغەی خەباتی میللەتی کورد و حیزبی دێموکراتی داوە.

ناوبراو لە نزیکەوە هاوڕێی خەباتکارانی ناسراو مەلا "مەحموودی زەنگەنە" و باقی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە بووە و یارمەتییەکی زۆری ئەوانی داوە و هەر بۆیە لەلایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە کەوتووەتە ژێر چاوەدێری و  ئازار و ئەزیەتی زۆر دراوە.

لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات مام "محەممەد شاهیجانی" لە خەبات ڕانەوەستا و چالاکانە بەشداری ئەو شۆڕشە بوو و هەر بۆیە لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوەو لە نێوان شارەکانی مەهاباد و میاندوئاو بە دیل دەگیرێت و دەخرێتە بەندیخانە.

ناوبراو هەتا دوا ساتەکانی ژیانی لە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات لاینەدا و هەمیشە وەفادار بە ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مایەوە.

تەرمی مام "محەممەد شاهیجانی" لەلایەن خەڵکی ناوچەکە تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری مام "محەممەد شاهیجانی" و دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.