کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە کورستانی باکوور ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:18 - 23 رەزبەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، مام "خورشید شەن" کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە گوندی "وارگەنمـ"ـی کوردستانی باکوور، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"مام خورشید شەن" کەسێکی حیزبی و نیشتمانپەروەر بوو کە هەر ئەرکێکی حیزبیی پێ ئەسپێردرایە ئامادە بوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی.

ناوبراو بەهۆی نیشتمانپەروەرییەوە خۆشەویست و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو، هەر ئەمەش وایکردبوو بکەوێتە بەر ڕق  و تووڕەیی ڕێژیمی ئێران و لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە ئەزیەت دەکرا.

لە ساڵی١٣٧٥ی هەتاوی کاتێک ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "عەزیز موراد پەرست" بۆ ئەنجامدانی مەئمورییەتی حیزبی دەچێتە ئەو ناوچەیە و "مام خورشید شەن" لە ماڵەکەی خۆیدا پەنای دەدات لەلایەن دوو چڵکاوخۆری ڕێژیم بە  ناوەکانی "حاجی ئاسیابان" خەڵکی گوندی "گێسیان" لە ناوچەی مەرگەوەڕ و "قوتبەدین" کوڕی "حاجی مستەفا" (حاجی مستێ) بە نارنجۆک هێرش دەکەنە سەر ماڵی ناوبراو و لەگەڵ ئەوەی زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ماڵەکەیان دەکەوێت، کوڕە گەورەکەی "مام خورشید شەن" بریندار دەبێت.

ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی "مام خورشید شەن " هەرگیز نەبووە هۆی ئەوەی ناوبراو و بنەماڵەکەی لە وەفاداری بە حیزب دڵسارد بنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری "مام خورشید شەن" و خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.